چالاکێکی کورد لە شاری مەهاباد بانگهێشتی دادگا کرا

15:12 - 20 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بانگهێشت کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، چالاکێکی کورد بە ناوی \"سۆران مەحموودی\"، بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە کوردە لە پەیوەندی لەگەڵ \"یارمەتیگەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان، بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵات\" تۆمەتبار و بانگهێشتی دادگای ئینقلاب کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە ساڵی ٩٦ پاش بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان و چالاکیی ناوبراو لەو ناوچەیە بە تۆمەتی \"یارمەتیگەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵات\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

پاش بوومەلەرزە ٧.٣ رێشترییەکەی پارێزگای کرماشان، هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران، کەمپەینگەلێکیان بە مەبەستی کۆکردنەوەی یارمەتیگەیاندن بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی ئەو پارێزگایە پێک هێنا، کە ئەم هەوڵە خۆڕسکەی هاووڵاتییانی کورد، ترسی لە لای بەرپرسانی ئەمنییەتی لە کوردستان دروست کرد.

بە وتەی کارناسانی کاروباری مەسەلەی کوردستان، یارمەتییە مرۆیییە خەڵکییەکان لە کوردستان بە خەڵکی لێقەوماوی پارێزگای کرماشان، یارمەتییە دەوڵەتییەکانی لە پەراوێز خستبوو.