چالاکێکی کرێکاریی کورد به دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

20:27 - 22 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاریی کوردی خەڵکی شاری سنە، پاش ٦٨ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی به دانانی بارمتەی قورس، به شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٢ی سەرماوەز، \"زانیار دەباغیان\"، چالاکی کرێکاری، پاش ٦٨ ڕۆژ دەستبەسەرکران به دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی سنه، به شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی سەرماوەز له گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە گوزارابوویەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە.

ئەم چالاکە کرێکارییە، لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن به پارێزەر و چاوپێکەوتن لە گەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە و تەنیا یەک جار لە گەڵ بنەماڵەکەی پێوەندیی تەلەفۆنی هەبووە.

\"زانیار دەباغیان\"، ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی ڕەزبەر، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.

هەروەها، ڕۆژی شەممە، ١٢ی خەزەڵوەر، \"پەرەستوو میرزایی\"، خێزانی ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕێگای پێوەندیی تەلەفۆنییەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و دواتر دەستبەسەر کراوە.