چالاکێکی کرێکاریی، خەڵکی شاری سەقز بانگهێشتی ئیتلاعات کرا

15:48 - 20 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێكی کرێکاریی، خەڵکی شاری سەقز، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٩ی جۆزەردان، چالاكێکی کرێکاریی، خەڵکی شاری سەقز بە ناوی \"کاوە حەکیمی\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە کرێکارییە، بە تۆمەتی \"بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی \"ڕۆژی جیهانی کرێکار\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز کراوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە، ئازاد کرا.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕ، هێزە لیباس شەخسییەکان، کاتژمێر ٧ی بەیانی، لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران، شوێنی کۆبوونەوەی کرێکارانیان لە \"چەمی وەلی خان\" تێکدا و \"مەحموود ساڵحی\" بریندار کرا و چەند کەسێکی دیکەش لە چالاکانی کرێکاریی، لەو پەیوەندییەدا دەسبەسەر کران.