چالاکێکی کرێکاری ڕەوانەی زیندان کرا

10:55 - 2 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاری کوردی خەڵکی شاری سنە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانی بوونەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١ی ڕەزبەر، "خەلیل کەریمی"، چالاکی کرێکاری کە لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بە ٢ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، ڕەوانەی زیندان کرا.

"یەدوڵڵا کەریمی"، برای ئەو چالاکە کرێکارییە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: "خەلیل کەریمی یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی شاری سنە و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، بە تۆمەتی بەشداری لە ڕێوڕەسمی یەکی مانگی مەی، کەمپەینی دژی لەسێدارەدانی ڕامین حوسێن ‌پەناهی و بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کراوە".