چالاکێکی کرێکاری لە شاری مەهاباد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرا

15:33 - 10 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی ئەو شارەی بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ‌شەممە ٩ی جۆزەردان، \"واحید سیدە\" چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت کرا و چەند کاتژمێرێک لەو ناوەندە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

واحید سەیدە، ئەندامی کومیتەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری، هەتا کاتژمێری ٣ی دوانیوەڕۆ لە ژێر لێپرسینەوەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباددا بووە.

کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی ڕابردوو سێ‌شەممە کاتژمێر ١٠ بەیانی خۆی بەو ناوەندە ئەمنیەتییە بناسێنێت.

پێشتریش، ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ساڵی ٩١ی هەتاوی ئەو چالاکە کرێکارییە لە شاری مەهاباد لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر و نیو، لێکۆڵینەوەی لێ کراوە.

ناوبراو لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە لە خەرمانانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە کومیتەی هاوئاهەنگی و پێکهێنانی ڕێکخراوی کرێکاری و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کریکاران و ٨ مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.