چالاکێکی کرێکاری خەڵکی شاری سەقز دستبەسەرکرا

21:07 - 6 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاری خەڵکی شاری سەقز لە پاش ئەنجامدانی گۆڕینی خوێن \"دیالیز\" لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سەقز دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ٦ی خەزەڵوەر، مەحموود ساڵحی چالاکیكی کرێکاری و خەڵکی شاری سەقز لە کاتی ئەنجامدانی نەخۆشینی دیالیز لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتییەوە لە نەخۆشخانەی خومەینی شاری سەقز دستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: مەحموود ساڵحی پاش تەواوبوونی کاری نەخۆشخانە لەگەڵ هاوژینەکەیدا، چوار کەس لە مەئموورانی ئیتلاعات کە سێ پیاو و ژنێک بوون ناوبراویان دەستبەسەر کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

مەئموورانی ئیتلاعاتی بە خیزانی مەحموود ساڵحیان ڕاگەیاندووە، حوکمی ٩ ساڵ زیندانی ناوبراو بە هۆی نالەباربوونی باری جیسمانی بۆ یەک ساڵ زیندان گۆڕدراوە و دەبێ ڕادەستی دادگای بکەین.

پاش بردنی ئەو چالاکە کرێکارە بۆ دادگای شاری سەقز و پێی ڕاگەیاندنی حوکمی یەک ساڵی زیندانی ناوبراو، هەنوکە لە زیندانی ئەو شارە دایە.

مەحموود ساڵحی ماوەیەک لەمەوبەریش خرایە زیندانەوە و بەو هۆیە تووشی نەخۆشی گورچیلە هات و هەتا ئیستاش ئەو نەخۆشییەی چارەسەر نەکراوە.

مەحموود ساڵحی ئەندامی کۆمیتەی هاودەنگی بۆ پێکهێنانی دامەزراوە کرێکارییەکان و وتەبێژی کۆمیتەی پشتیوانی لە رەزا شەهابی و بێهنام ئیبراهیم زادە بە بەردەوامی زەخت و فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی لەسەر بووە.