چالاکێکی کرێکاری بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

14:04 - 29 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە حوکمی یەک ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ چالاکێکی کرێکاری خەڵکی ئەو شارە بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵووەر، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی \"خەلیل کەریمی\" خەڵکی شاری سنە، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە کرێکاریە پاش بانگهێشتننامەی لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە کە ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەر، بە ناوبراو ڕاگەیاندراوە و داوا لەو چالاکە کرێکارییە کراوە کە هەتا ٢٠ ڕۆژ دوای ئەو ڕێکەوتە موڵەتی هەیە خۆی بە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بناسێنێت.

\"\"خەلیل کەریمی، چالاکی کرێکاری
لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە ئەو چالاکە کرێکارییەی بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران و بەشداری لە کەمپینی ئێعدام دژی ڕامین حوسێن‌پەناهی، تاوانبار کراوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە، ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەر، سەردانی لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنەی کردووە و لە لایەن مۆنشی دادوەرەوە، حوکمی یەک ساڵ زیندانییەکەی پێڕاگەیاندراوە.

دەوترێ، حوکمی بڕینەوەی زیندانی بۆ خەلیل کەریمی بە ئامادەنەبوونی خۆی لە دادگای بووە و هەروەها ئەو چالاکە کرێکارییە پاش وەرگرتنی حوکمەکەی داوای حوکمەکەی کردووە و بەڵام لە لایەن مۆنشی دادوەرەوە، ڕەت کراوەتەوە.

\"خەلیل کەریمی\"، چالاکی کرێکاری و ئەندامی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانان لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بانگهێشت کرابوو. هەروەها ٢٥ی جۆزەردانیش بانگهێشتی ناوەندی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و بۆ ماوەی ٤ کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کرابوو.