چالاکێکی کرێکاری بە هۆی سەختیی نەخۆشینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا

19:43 - 13 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاری کە لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە دەستبەسەر کرابوو، بە هۆی کێشەی کۆئەندامی هەرسکردنیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، چالاکێکی کورد بە ناوی \"فەرزاد مورادی نیا\" بە هۆی کێشەی کۆئەندامی هەرسیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە کرا و دوای پەی‏بردن بە نەخۆشینەکەی و تەشخیسی پێویستیی عەمەل کردنی، مەئموورەکانی زیندان تیمی پزیشکیان بۆ هێناوەتە زیندان و ئیزنی چوونی ناوبراویان بۆ نەخۆشخانە نەداوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە دۆخی جەستەیی ناوبراو ڕایگەیاند: \"فەرزاد لە زینداندا تووشی هەوکردنی کۆئەندامی هەرەسی بووە و بەهۆیی کەمتەرخەمیی و پێڕانەگەیشرنی بەرپرسانی زیندان، نەخۆشینەکەی لێ پیر بووە و ئێستا لە بارودۆخێکی جەستەیی خراپدا دەژی.

پێشتر لە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٣ هەتاوی‏دا، لیباس شەخسییەکانی حکوومەت، هێرشیان بردووەتە سەر مالی فەرزاد و دوای پشکنین و دەستبەسەردا گرتنی کەرەستە شەخسییەکانی، ناوبرایان دەستبەسەر کردووە.

ڕۆژی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە لایەن دادگای شۆڕشەوە، بە سەرۆکایەتی \"قازی سەعیدی\" حوکمی دوو ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ ئەو چالاکە کرێکاریە بڕدرابووەوە و دواتر لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوە، حوکمی زیندانی ناوبراوی کرد بە سێ ساڵ.

پڕوپاگەندە دژی نیزام و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردەییەکان لەو تۆمەتانە بوون کە وەپاڵ ئەو چالاکە کرێکارییە کوردە دراوە.