چالاکێکی کرێکاری بە ناچاری زێدی خۆی جێهێشت

21:15 - 28 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی کرێکاری خەڵکی شاری مەهاباد بە ناچاری و بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران، زێدی خۆی بەجێهێشت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەیەک لەمەوبەر، چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی مەهاباد بە ناوی \"سەلاحەدین مالک تومەتەری\" بە هۆی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران پەرێوەیی یەکێک لە وڵاتانی ئورووپایی بوو.

ناوبراو لە وتوێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"من بە تاوانی کۆبوونەوەی لە بەردەم ئیدارەی کاری شارستانی مەهاباد سەر بە پارێزگای ورمێ لە ڕێکەوتی ١٨ جۆزەردانی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کرام\".

ناوبراوە بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"ئێستا بنەماڵەکەی لە ژێر زەخت و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران دایه و بنەماڵەکەی بە دانی بارمتە \"سەلاحەدین\"یان لە زیندان ئازاد کردووە.

ئەو چالاکە کرێکارییە سەبارەت بە ڕەوشی کرێکاران لە شاری مەهەباد گوتی: کرێکارانی شاری مەهاباد سەرەڕایی کەمی کار و تێچووی زۆری بژیوی ژیان و مەعیشەتی ڕەوشیان باش نیە و کرێکارانی کشت و سەنعەتی شاری مەهاباد ماوەی نزیک بە ٩ مانگە پارەیان وەر نەگرتووە و بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە بەردەرکی ئیدارەی کشت و سنعەتی شاری مەهاباد چادەریان هەڵداوە و مانیان گرتووە.

گوشار هێنان و دەستبەسەر کردنی چالاکانی کرێکاری، لە لایەن حکوومەتی ئێران سەرەڕای نالەباریی ژیان و گوزرانیان ڕووی لە زیاد بوون کردووە و چەندین چالاکی کرێکاری بە ناچاری لەژێر زەخت و گوشاری هێزەکانی ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیی، زێدی خۆیان بە جێهێشتووە ڕوو لە وڵاتانی ئورووپایی دەکەن.