چالاکێکی کرێکاری بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا

20:38 - 25 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاری خەڵکی شاری بۆکان، بە کەڵکوەرگرتن لە ئازادی مەرجدار، لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرنبار، محەممەد کەریمی، چالاکی کرێکاری پاش چواردە مانگ لە زیندان، بە کەڵوەرگرتن لە ئازادی مەرجدار لە زیندانی بۆکان ئازاد کرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە: \"پاش ١٤ مانگ زیندانی کردنم، ڕۆژی دووشەممە بەکەڵوەرگرتن لە ئازادی مەرجدار و مانەوەی ١٠ مانگی دیکە لە زیندانییەکەم، ئازاد کرام.\"

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، ئەم چالاکە کرێکارییە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکی لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا.