چالاکێکی کرێکاری بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

20:13 - 31 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە، چالاکێکی کرێکاریی بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی گەلاوێژ، دوایین کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی \"ئیسحاق ڕۆحی\"، چالاکی کرێکاری لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بەڕێوەچوو و ناوبراو بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی جۆزەردان، ئەم چالاکە کرێکارییە، پاش ٣٢ ڕۆژ دەستبەسەری لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە و زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆنی، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی بانەمەر، \"ئیسحاق ڕۆحی\" پاش ١٢ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، ڕاگوێزرا.

\"ئیسحاق ڕۆحی\"، ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی بانەمەڕ، لە شارەکی \"نایسەر\"ی شاری سنەدا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرا.