چالاکێکی کرێکاری بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزرا

21:45 - 23 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کرێکاری لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی بانەمەڕ، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی \"ئیسحاق ڕۆحی\"، پاش ١٢ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە، ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی بانەمەڕ، بە ئامادەبوونی لە لقی دووی لێپرسینەوەی دادگای شاری سنە، دوایین داکۆکیی خۆی پێشكەش کرد و لە کۆتاییدا، لێپرسی دۆسیەکە، بۆ ئازادکردنی ناوبراو بە شێوەی کاتی، داوای بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی کردووە.

ئەو چالاکە کرێکارییە بە هۆی نەبوونی دڵنیایی لە دابینکردنی بارمتە، دووبارە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە، گەڕێندراوەتەوە.

\"ئیسحاق ڕۆحی\"، ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی بانەمەڕ، لە شارەکی \"نایسەر\"ی شاری سنەدا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرا.