چالاکێکی کرێکاری بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرا

17:03 - 6 بانەمەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری هاتنی ١ی مانگی مای ڕۆژی کڕێکارانی جیهان، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە چالاکێکی کرێکاریی بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە کرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٤ی بانەمەڕ، چالاکێکی کرێکاری لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کرا.

\"شەیس ئەمانی\" چالاکی کڕیکاری پاش بانگهێشت و لێپرسینەوە، لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەرەشە ئەوەی لێکرا کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەر جۆرە چالاکێک لە بەربەری ١ی مانگی مای ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، هەڵسووکەتی یاسایی بەرانبەر دەکریت.

هەواڵی گەیشتوو باس لەوە دەکات کە؛ ئەو ئەندامەی \"یەکیەتی ئازادیی کرێکارانی ئێران\" لەگەڵ چەند چالاکێکی دیکەی کرێکاری ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوە، نامەیەکیان بۆ فەرمانداری شاری سنە ناردووە بۆ ئەوەی مۆڵەتی بەرێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی کڕیکاریان پێ بدەن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بەو چالاکە کڕیکارییەیان ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری بەڕێوەبردنی هەر جۆرە ڕێوڕەسمێکدا بۆتان گران تەواو دەبی و سزا دەدرێن.

هەر ساڵە و لە ڕۆژی ١ی مانگی مای‌دا، چالاکانی کرێکاری بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی کوردستان بانگهێشت و لەپێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەو ڕۆژەدا هەڕەشە لە چالاکانی کرێکاری دەکرێت.

هەموو ساڵێک لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا، کرێکارانی جیهان ڕێوڕەسمی جۆربەجۆر بەڕێوەدەبەن.