چالاکێکی کرێکاری بانگهێشتی دادگای کەیفەریی سنە کرا

17:16 - 21 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی ٤ی دادگای کەیفەریی شاری سنە، چالاکێکی کرێکاریی خەڵکی ئەو شارەیان بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، چالاکێکی کرێکاری بە ناوی "تۆفیق مەحموودی" خەڵکی شاری سنە، بانگهێشتی لقی چواری دادگای کەیفەریی ئەو شارە کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "لقی چواری دادگای کەیفەریی شاری سنە، ئەو چالاکە کرێکارییەی بە مەبەستی خۆناساندن بە زیندان، بانگهێشت کردووە".

پێشتر دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، ئەو چالاکە کرێکارییەی بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردبوو. لقی چواری دادگای کەیفەری بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی ئەو چالاکە کرێکارییە، ناوبراوی بانگهێشت کردبوو.

ڕۆژی شەممە، ١٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، هێزە ئیتلاعاتییەکان "تۆفیق مەحموودیـ"ـیان  لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر و پاش ٤٥ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بە بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازادیان کرد.