چالاکێکی کرماشانی لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەشە

13:57 - 22 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی دەزگای قەزایی زیندانی ئیڤینی شاری تاران، چالاکێکی مەدەنیی کوردیان لە مافی دیاریکردنی پارێزەر بێبەش کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەعید ئیقباڵی، چالاکی مەدەنیی کورد، خەڵکی شاری کرماشان، کە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئیڤین شاری تاران گوازرابووەوە، بە وتەی بەرپرسانی دەزگای قەزایی ئەو زیندانە، نابراو هەتا دوو مانگی دیکە بەبێ پارێزەر لە \"قەرەنتینە\" ڕادەگیرێت.

ئەو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی پینجشەممە ١٢ی ڕێبەندان، لە شاری کرماشان دەسبەسەر و بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" تاوانبار کرا.

پێشتریش، ئەو چالاکە مەدەنییە چەند جارێک لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کراوە.