چالاکێکی ژینگەیی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بوو بە قارەمانی زلکاوەکانی ئێران

11:40 - 30 رێبەندان 2720

ناسح حوسێنی‌ڕاد، چالاکی ژینگەیی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە بەشی بەشدارییەکانی خەڵک لە بواری پاراستنی زلکاوەکان، وەکوو قارەمانی زلکاوەکان هەڵبژێردرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، لە بەرنامەی ساڵانەی هەڵبژاردنی قارەمانی زلکاو کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زلکاوەکان، لە تاران بەڕێوە چوو، ڕێزیان لەو چالاکە ژینگەییە گرت.

ناسح حوسێنی‌ڕاد، لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و ئەندامی تۆڕی ژینگەیی پارێزگای سنەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا، لە بەشی پاراستنی ژینگە و بە تایبەت پاراستنی زلکاوی زرێبار، فێرکردنی بە کۆمەڵی ناوچەیی و پەرەپێدانی باڵندەناسی، خزمەتگوزارییەکی پڕبەهای کردووە.

ئەنجومەنی سەوزی چیا پێشتریش لە بەشی گرووپی لە ساڵی ٢٠١٦ قارەمانی زلکاوەکانی ئێران بووە.

خەڵاتی قارەمانی زلکاو، لە سێ بەشی چالاکییەکانی وەکوو لێکۆڵینەوەــ خوێندنەوە، چالاکییەکانی بەڕێوەبردن و هەروەها بەشدارییەکانی خەڵک، بە کەسانی لێهاتوو لە بواری پاراستنی زلکاوەکانی ئێران دەدرێت.