چالاکێکی ژینگەیی لە شاری مەریوان دەسبەسەر کرا

11:25 - 8 جۆزەردان 2722

ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردان، "ئیرەج ڕەحیم‌زادە" چالاکی ژینگەیی خەڵکی گوندی "ڕوار"ی سەوڵاوا و دانیشتووی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ‌هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٤٤ ساڵەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە ژینگەییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

 ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە ساڵی ٩٨، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانی مەحکووم کرابوو.

 ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، "ئیرج ڕەحیم‌زادە" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری مەریوان دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئیرج ڕەحیم‌زادە خێزاندار و باوکی منداڵێکی ١١ ساڵەیە.