چالاکێکی ژینگەپارێزیی کورد بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد

11:52 - 9 خاکەلێوه 2720

لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی شنۆ، چالاکێکی ژینگەپارێزی، بە ناوی "ڕەشید ناسرزادە" کوڕی فەتاح بە ٦ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

دادگا ئەو چالاکە ژینگەپارێزییەی بە "کۆبوونەوە و تەبانی بەنیسبەت ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی ناوخۆیی نەتەوەیی و چالاکی و بانگەشە لە بەرژەوەندیی گرووپە دژبەرەکانی نیزام" تاوانبار کردووە.

دادگا بە پشتبەستن بە مادەکانی ٥٠٠ و ٦١٠ لە بەشی یاسای تەعزیرات و پێشگرتن لە تاوانەکانی یاسای سزای ئیسلامی؛ ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بەنیسبەت ئەنجامدانی تاوان دژی ئەمنییەتی ناوخۆیی ئێران" بە ٥ ساڵ  زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "پرۆپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

داسەپاندنی ئەو حوکمە بە سەر ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ و مەئموورانی قەزایی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ بووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "سیخوری بۆ گرووپەکانی ئۆپوزسیونی نیزام" بە پشتبەستن بە ئەسڵی ٣٧ یاسای بنەڕەتی و مادەی ٤ی ئایینی دادڕەسی کەیفەری بێتاوان ناسرابوو.

ئەو حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی خاکەلێوە، بە ڕەشید ناسرزادە ڕاگەیەندراوە.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی سەرماوەزی٩٨ی هەتاوی ،  لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە جادەی پیرانشار ـشنۆ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕەشید ناسرزادە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، پاش ٤٤ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.