چالاکێکی ژینگەپارێزی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

11:12 - 9 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی ژینگەپارێزیی خەڵکی سنە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانی بوونەکەی، ڕەوانە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، "هومایون بەهمەنی"، چالاکی ژینگەپارێز، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانی بوونەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٥ مانگ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە، ئەو چالاکە کوردەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی و پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی ئەو چالاکە ژینگەییە لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی سنە بە ٢ ساڵ و ٦ مانگ  و ١٥ ڕۆژ کەم کرایەوە.

ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە، پاش پشتڕاستکردنەوەی ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانی بوونەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا.