چالاکێکی ژینگەپارێزی لە مەهاباد گیانی لەدەست دا

20:59 - 6 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕزگار کردنی حاجی لەقلەق لە سەر دارتێلی کارەبا، گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی مەهابادی لێکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٥ی بانەمەڕ لە زەلکاوی کانی بەرازانی شاری مەهاباد، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئەمیر ئەرسەلان پیرۆتی\"بە هۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەست دا.

تەمەنی ئەو جوتیارە کوردە ٤٠ ساڵە و خەڵکی گوندی \"گابازڵە\"یە.

ڕووداوی گیان لەدەستدانی ئەمیر ئەرسەلان لە کاتێکدا ڕوویداوە کە ناوبراو بۆ ڕزگار کردنی حاجی لەقلەقێک کە لە نێو تەلیسێکدا گیری خورادبوو، بە دارتێلی کارەبادا هەڵگەڕابوو.

ئەو جوتیارە کوردە پاش ڕزگار کردنی ئەو باڵندەیە، لەکاتی هاتنە خوارەوەدا، بەهۆی گیربوونی باڵی حاجی لەقلەقەکە لە دارتێلی کارەباکە، تووشی بەرهەوتنی تەزووی کارەبا دەبێت.

پیرۆتی کە خاوەنی سێ کچی تەمەن ١١، ١٣و ١٧ساڵەیە، بە هۆی سەختیی سووتمانەکەیەوە لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد گیانی لەدەست دا.
ئەو ڕاپۆڕتە باس لەوەش دەکات کە حاجی لەقلەقکەش لەو ڕاووداوەدا کارەبا گرتوویەتی.

جێگری بارهێنان و بەشداریی خەڵکیی ئیدارەی ژینگەپارێزی مەهاباد، لە پەیوەندی لەگەڵ گیان لەدەستدانی ئەمیر ئەرسەلاندا، گوتوویەتی: ئەو کارەساتە جارێکی دیکە وەبیر هێنەرەوەی خەمساردی و نابەرپرسایەتیی هێندێک لە شارۆمەندانە لە فڕێدانی کیسەی نایلۆن و زبڵ لە شوێنە سروشتییەکان.

بە وتەی محەممەد دەروێش، چەند جارێک \"ئیدارەی کارەبا\" بڕیاری داوە هێلانەی حاجی لەقلەقەکان لە سەر دارتێلەکانی کارەبا تێک‏بدات، بەڵام خەڵکەکە نەیانهێشتووە.

زەلکاوی نێونەتەوەیی کانی بەرازان، بە پانتایی ١٠٠٠هێکتار لە ٣٠کیلۆمیتریی باکووری شاری مەهاباد و لە ڕێگای نەغەدە_میاندوواو هەڵکەوتووە و یەکەمین ماڵپەڕی تایبەت بە باڵندە لە ئێران، بە ئەژمار دێت.