چالاکێکی ژینگەپارێزی لە شاری مەریوان دەسبەسەر کرا

14:16 - 1 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری مەریوان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕاگوێزراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، چالاکێکی ژینگەپارێزی بە ناوی \"ئیرج ڕەحیم‌زادە\" خەڵکی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو چالاکە ژینگەپارێزیە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو هاووڵاتییە کوردە، باش دەسبەسەر کرانی، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوە ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەم چالاکە ژینگەپارێزییە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ئیرج ڕەحیم‌زادە، خێزاندار و باوکی منداڵێکی کەم تەمەنە.