چالاکێکی ژینگەپارێزی لە شاری سنە دەسبەسەر کرا

20:05 - 1 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەسبەسەر کردنی چالاکانی ژینگەپارێزی لە کوردستان، چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی چالاکێکی ژینگەپارێزی بە ناوی \"زەکریا نەقشبەندی\" لە شاری سنە و ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەر کردنی ئەو چالاکە ژینگەپارێزیە، دەستیان کردووە بە پشکنینی ماڵەکەی و هێندێک کەرەستەی شەخسی ناوبرایان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بەدواداچوونەوەکانی بنەماڵەی ئەو چالاکە ژینگەپارێزیە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، هەتا ئێستا بێئاکام بووە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، دوو چالاکیی ژینگەپارێز بە ناوەکانی \"ئارمان وەفایی\" و \"شاهۆ فەرەجی\" خەڵکی شاری سنە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.