چالاکێکی ژینگەپارێزی لە دێولان دەسبەسەر کرا

11:13 - 21 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی ژینگەپارێزیی خەڵکی دێولان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی سەرماوەز، چالاکێکی ژینگەپارێزی بە ناوی "سابیر قادری" تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی دێولان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو ئەندامەی "کۆمەڵەی شەیدای سەوزی لەیلاخـ"ـەیان لە ماڵەکەی خۆی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە.

بنەماڵەی ئەو چالاکە ژینگەییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی "سابیر" سەردانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانیان کردووە، بەڵام وڵامێکی ڕوونیان لەسەر چارەنووسی ناوبراو وەرنەگرتووەتەوە.

ئەو چالاکە، مانگی ڕەزبەری ٩٣ لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە کۆبانی دەسبەسەر کرابوو.

هەروەها سەرماوەزی ساڵی ٩٤، بۆ دژایەتی لەگەڵ لەنێوبردنی "کانی بڵ"، لەگەڵ ٩ چالاکی دیکە دەستیان دابووە مانگرتن لە خواردن.