چالاکێکی ژینگەپارێزی بە ١٣ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

11:27 - 18 رەشەمه 2719

چالاکێکی مەدەنی و ژینگەیی کورد بە ناوی "سیروان ڕەحیمی"، تەمەن ٣٠ ساڵ، خەڵکی شاری دێولان، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە ١٣ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو چالاکە کوردە بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کراوە.

"سیروان ڕەحیمی" سەبارەت بەو حوکمە ناڕەزایەتی دەربڕیوە و دۆسیەی ئەو چالاکە ژینگەپارێزییە بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی سنە کراوە.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٦ی ڕەزبەر، ئەو چالاکە مەدەنییە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو.

"سیروان" مانگی ڕەشەمەی ئەمساڵ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێکۆڵینەوەکەی لە گرتنگە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.