چالاکێکی چەپ لە کامیاران دەستبەسەر کرا

16:17 - 28 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕەوتی گیران و گواستنەوەی هاووڵاتییانی کورد بۆ شوێنگەلی نادیار لە بەرەبەرەی نەورۆزدا پەرەی سەندووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نێوەڕاستی ئەم حەوتوویە، هێزەکانی سەربە ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران چالاکێکی چەپی ئەو شارە بە ناوی \"محەممەدڕەزا ئاهەنگەر\"ـیان دەستبەسەر کردووە.

\"محمدرضا
محەممەدڕەزا ئاهەنگەر
ڕاسپێردراوانی وەزارەتی ئیتلاعات ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٥ ساڵەیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.

لە ڕاپۆرتی گەیشتوودا باس لەوە کراوە کە؛ محەممەدڕەزا ئاهەنگەر خەڵکی گوندی \"ئاسنگەران\"ـی سەربە کامیارانە و لە بیاڤی ژینگەپارێزیشدا چالاکیی هەبووە.

سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئاسنگەر بۆ دۆخی گشتیی محەممەدڕەزا، بەڵام لە هۆکاری گیرانی کوڕەکەیان و چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.

\"ساسان
ساسان بابایی
لە ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانیشدا ئاماژە بە ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دیکەی کامیارانی بەناوی \"ساسان بابایی\" کراوە کە لە ١٨ی ڕەشەمەی ئەو ساڵدا دەستبەسەر و تاکوو ئێستا لە ژێر لێپرسینەوەی هێزی ئەمنیی حکوومتی ئیسلامیی ئێراندایە.

لەو بەستێنەشدا، چوار کەسی دیکەش لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لە ورمێ، سەقز و پیرانشار دەستبەسەر کراون کە شوناسیان پێشتر لە لایەن هەواڵدەریی کوردپا ڕاگەیەندراوە.