چالاکێکی ناسراوی مافی مرۆڤی کورد لێی دەدرێت

15:17 - 26 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: کەسانێکی نەناسراو، لە سەر یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە هێرش دەکەنە سەر وتەبێژی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان و لێی دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاشنیوەڕۆی دوێنێ، ئیجلال قەوامی چالاکی مافی مرۆڤی کوردستان، لە لایەن هەندێک ماتۆڕسواری نەناسراوەوە هێرش کراوەتەسەری و لێی دراوە.

وتەبێژی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە: \"لە ڕێی گەڕانەوەم بۆ ماڵەوە‏دا، دوو کەسی ماتۆڕسوار بانگیان کردم و هەرکە گەیشتنە نیزیکمەوە، بە مست لە سەروچاومیان دا و ڕایانکرد\".

ئیجلال قەوامی باسی لە بەدواداچوونی ئەم هێرشە، لای لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد.

پاش هێرش کردنەسەر ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستانیش بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، خوازیاری \"ناساندنی بڕیاردەران و جێبەجێ‏کارانی\" هێرش بۆ سەر ئیجلال قەوامی بوو.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی جیدی سەبارەت بە ئەمنییەتی گیانیی ئیجلال قەوامی و دیکەی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە، داوای لە بەرپرسانی دادوەری و ئینتیزامی کردووە بە خێرایی سەبارەت بە ناساندنی بڕیاردەران و جێبەجێ‏کارانی ئەم ڕووداوە هەنگاو هەڵبگرن.

ئەم ڕێکخراوە، حکوومەتی ئێران بە بەرپرس دەزانێت بەرانبەر پاراستنی گیانی شارۆمەندان و لەوانە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤ و بەرپرسایەتیی هەرچەشنە زەرەرێکی گیانی بەو توێژانە دەخاتە ئەستۆی حکوومەت.

ئیجلال قەوامی پێش چەند ڕۆژ، بە مەبەستی داکۆکی کردن لەوەی بە\"کەرامەتی کۆمەڵگای مەدەنی و لەڕەوتی ناڕەزایەتی دەربڕین لە چڕ بوونەوەی گوشارەکان، سووکایەتییەکان و بڵاو کردنەوەی تۆوی بێزاری لە لایەن باندی \"ڕانت دلواپسی\" لە کوردستان\" ناوزەدی کردبوو، بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ دەستی دایە مانگرتن.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی مانگرتن لە خواردنی وتەبێژی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، دەیان چالاکی مەدەنی پەیوەست بەم مانگرتنە بوون.

ئەم مانگرتنە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بووە لە شکاندنی کەرامەت و هەڕەشە کردن لە کۆمەڵگای مەدەنی لە لایەن \"ڕەوتێکی گوماناوی و ساختە\"وە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، هەڕەشەیان لە ڕەخنەگران کردووە و خوازیاری ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمنییەتی لەگەڵ ئەم چالاکانە بووە.