چالاکێکی مەزهەبیی کورد لە دادگای دادسەرای تایبەت بە ڕۆحانیەتی هەمەدان تۆمەتەکەی پێ ڕاگەیێندراوە

21:11 - 27 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەزهەبی کورد، خەڵکی شاری سنە بانگهێشتی دادگای دادسەرای تایبەت بە ڕۆحانیەتی شاری هەمەدان کراوە و تۆمەتەکەی پێ ڕاگەیێندراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی خەرمانان، هاشم حوسێن پەناهی چالاکی مەزهەبی و یەکێک لە بەرپرسانی دەفتەری حەسەن ئەمینی سەرۆکی شۆرای مەکتەب قورعانی کوردستان، بەهۆی بانگهێشتێكی فەرمییەوە خۆی بە دادگای دادسەرای تایبەت بە ڕۆحانیەتی شاری هەمەدان ناساندووە، کە ناوبراو تۆمەتی \"چالاکی تەبلیغی دژی نیزام و تێکدانی بیروڕای گشتی\" بەسەردا سەپاوە.

ئەم چالاکە ملی مەزهەبییە، دوای بەشداری کردنی لە رێوڕەسمی سەرەخۆشیی ڕامین حوسێن پەناهی و پێشکەش کردنی چەند وتەیەک لەو مەراسمەدا، ئیدارەی گشتی ئیتڵاعاتی کوردستان، سکاڵایەکی لەسەر تۆمار کردووە و ڕایگەیاندووە کە هاشم حوسێن پەناهی بەم کارە، هەستاوە بە ئەنجام دانی چالاکی بە دژی نیزام و تێکدانی بیروڕای گشتی.

دوای ئاشکراکردنی ئەم تۆمەتە بۆ ئەم چالاکە کوردە، ناوبراو بە بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن ڕیاڵی و ناساندنی کەفیلێک ئازاد کراوە.

مەکتەب قورعانی کوردستان، جووڵانەوەیەکی ئاینییە لە ناوچە کوردنشینە سوننەکان، کە پێکهاتووە لە قوتابیان و شوێنکەوتووانی ئەحمەد موفتی زادە و لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، سیاسی و ئابووریدا چالاکییان هەیە.