چالاکێکی مەزهەبی لە شاری مەهاباد لە لایەن ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا

15:00 - 28 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەزهەبی، لە شاری مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانان، چالاکێکی مەزهەبی، بە ناوی \"عێزەدین لایەقی\"، تەمەن ٣٤ ساڵ، خەڵکی بەشی ناوەندی شاری مەهاباد، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەو چالاکە مەزهەبییە پاش دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگویزرا.

\"ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان\"، هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکە مەزهەبییەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە،کە ناوبراو \"ڕەخنەی لە ئەماکنی هێزە ئینتزامییەکان گرتووە، کە لە کاتی ماتەمینی شێعەکان بە زۆرەملێ دەیانەوێت یەکە بازرگانییەکان لە هێندێ ناوچەدا کە کەمایەسییە مەزهەبییە ناشێعەکانیان تێدایە، دابخرێت\".

ساڵی ڕابردوودا، ئەم چالاکە مەزهەبییە، پاش سەردانی وڵاتانی عەرەبی و چاوپێکەوتن لەگەڵ هێندێک لە زانایانی سوننی مەزهەب، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە \"گرووپە سەلەفییەکان\"، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و لێپرسینەوەی لێ کرا.