چالاکێکی مەزهەبی لە سنە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و دادگا کرا

16:20 - 16 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەزهەبی و ئەندامی شۆرای مەکتەبی قورئانی کوردستان لە سنە، بۆ جارێکی دیکە بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دوشەممە رێکەوتی ١٤ی رەشەممە \"هاشم حوسێن پەناهی\" ئەندامی مەکتەب قورئان و یەکێک لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستە مەزهەبییەکانی \"ئیمامی بوخارا\" لە شاری سنە، لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر لێپرسینەوەی لێکرابوو.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەو چالاکەیان رایانگەیاندووە کە پێویستە وەشانی بڵاڤۆکی مەزهەبیی \"راە ما\" و چالاکییەکانی قوتابخانەی مەزهەبیی ئیمامی بوخارا کە لەلایەن مەکتەبی قورئان لە شاری سنە بەڕێوەدەچن، رابگرن.

هاشم حوسێن پەناهی رایگەیاندووە کە ئەو داوای ئیدارەی ئیتلاعات لەمەڕ راگرتنی چالاکییەکانی مەکتەبی قورئان لە کاتێک دایە کە سەرجەم چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و مادەی ١٢ی ئەو یاسایەدا بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ماڵپەڕی ئیسلام کورد زمانحاڵی مەکتەبی قورئان بڵاوی کردەوە، کە ناوبراو لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئاگادار کراوەتەوە کە رێکەوتی ٢٠ی رەشەممە خۆی بە دادگای رۆحانییەتی شاری هەمەدان بناسێنێت.

ئەو چالاکە مەزهەبییە پێشتریش لە رەزبەری ئەمساڵدا لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.

\"11425.jpg\"