چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاباد دەسبەسەر کرا

10:35 - 9 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەسبەسەرکردنی چالاکانی کورد، چالاکێکی مەدەنیی دیکە لە شاری شاباد، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی بەفرانبار، "سۆهراب ڕەحیمی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری شاباد، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردووە.

هەروەها هێزە ئیتلاعاتییەکان، هەندێک کەرەستەی کەسیی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.