چالاکێکی مەدەنیی کورد چارەنووسی ناڕوونە

16:18 - 28 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئارمان غەفووری\"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری مەریوان، کە لە سەرەتای مانگی گەلاوێژدا، لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، هەروەها لە گرتووخانەدایە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زیاتر لە ٢٠ ڕۆژە، ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە دەسبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش، هەواڵێک سەبارەت بە ئازادکرانی ئەو چالاکە مەدەنییە بە دانانی بارمتە لە لایەن چالاکانی شاری مەریوانەوە بڵاو کرابووەوە، کە دواتر چالاکانی مەریوانی بە بڵاوکردنەوەی ستاتووسگەلێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو هەواڵەیان ڕەت کردەوە.

سەرەتای مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، چالاکی مەدەنی، ژینگەپارێز و ڕۆژنامەنووسی کورد \"ئارمان غەفووری\"، خەڵکی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئارمان غەفووری، یەکێک لە ئەندامانی چالاکی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بووە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هۆکاری دوایین دەسبەسەرکردنی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.