چالاکێکی مەدەنیی کورد لە تاران بۆ جێبەجێ‌کردنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا

19:10 - 11 جۆزەردان 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی جۆزەردان، چالاکێکی کورد بە ناوی "سەعید ئیقباڵی" خەڵکی کرماشان، پاش سەردانی لە لقی ١ی جێبەجێ‌کردنی تاوانەکانی کەیفەریی دادسەرای ئەمنییەتی تاران، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ٥ ساڵ زیندانییەکەی ڕەوانەی بەندی دابڕگەی زیندانی ئێڤین کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی ئێران و چالاکی پڕۆپاگەندە دژی نیزام، بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

بە پشتبەستن بە مادەی ١٣٤ی یاسایی سزای ئیسلامی، دەبێت ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ٥ ساڵ لەو ٦ ساڵ زیندانە تەعزیرییە بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران" بکێشێت.

سەعید ئیقباڵی، ڕێکەوتی  ١٢ی ڕێبەندانی سآڵی ٩٦ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کرماشان دەسبەسەر و پاش دوو ڕۆژ لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٦، ڕەوانە تاران و بەندی ٢٠٩ی زیندان ئیڤین کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٧، سەعید ئیقباڵی چالاکی مەدەنیی کورد لە زیندانی ئێڤین بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.