چالاکێکی مەدەنیی کورد دەسبەسەر کرا

15:05 - 2 خەرمانان 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە گەڕەکی فەیزئاوای ئەو شارە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی گەلاوێژ، چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی \"ئەکبەر گەوێڵی\"، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، لە کاتی گەڕانەوە لە شاری تاران بۆ شاری سنە، لە گەڕەکی فەیزئاوای ئەو شارە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

ناوەندی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی گەلاوێژ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، بە بنەماڵەی ئەو چالاکە مەدەنییەیان ڕاگەیاندبوو کە بۆ وەرگرتنی کەرەستەی کەسیی ناوبراو، سەردانی ئەو ناوەندە بکەن.

هەروەها \"ئەکبەر گەوێڵی\"، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، باسی لە مانگرتنی خۆی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەی کردبوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، پاش بانگهێشتکردنی بۆ نووسینەگەی بەڕێوەبردنی تاوانەکان لە دادگای ئینقلابی شاری سنە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی چوار مانگ زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

\"ئەکبەر گەوێڵی\"، مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٩٥، پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی \"قەسریانـ\"ـی شاری سنە، بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و دەسبەسەر کرا.

ناوبراو پاش دوو ڕۆژ لە گرتنگە، بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ساڵی ٩٧، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئیقلابی شاری سنە، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم و دواتر ناوبراو بەو حوکمە ناڕەزایەتیی دەربڕی و دۆسیەکەی ڕەوانەی لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی سنە کرا و حوکمەکەی لە یەک ساڵ بۆ چوار مانگ کەم کرایەوە.