چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ٦ مانگ زیندان و ٢٠ قامچی مەحکووم کرا

10:24 - 18 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی ١٠٢ی کەیفەریی دادگای ئینقلابی شاری مەریوان، چالاکێکی مەدەنیی کوردی بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و لێدانی ٢٠ زەربە قامچی مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی "ئارمان غەفووری"، خەڵکی شاری مەریوان، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ئەو شارەوە، بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی لە ڕێگای بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لەمەڕ پشتیوانی لە شاری عەفرین"، بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و لێدانی ٢٠ قامچی مەحکووم کرا.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، دادگاییکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، بە شێوەی غەیابی و بەبێ ئامادەبوونی پارێزەرەکەی بەڕێوەچووبوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕەشەممەی ساڵی ٩٦، ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، لەگەڵ "عەدنان حەسەن‌پوور"، "محەممەد دانش"، "فەرامەرز محەممەدی" و "ناسێح بەخشی"، بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە شاری عەفرین"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کران.