چالاکێکی مەدەنیی کورد بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

14:15 - 23 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد، خەڵکی شاری کرماشان، پاش ٦٨ ڕۆژ زیندانبوون لە گرتووخانەی ئێڤین لە شاری تاران، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوە، سەعید ئیقباڵی چالاکی مەدەنیی کورد و خەڵکی شاری کرماشان لە زیندانی ئێڤین بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕێبەندان، بە فڕۆکە لە شاری کرماشانەوە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گوازرایەوە.

بەرپرسانی دەزگای قەزایی زیندانیی ئێڤین ڕایانگەیاندبوو، کە سەعید ئیقباڵی هەتا دوو مانگی دیکە بەبێ پارێزەر لە \"قەرەنتینە\" ڕادەگیرێت.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندان، لە شاری کرماشان بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە بە دژی نیزام\"، دەسبەسەر کرا.