چالاکێکی مەدەنیی کورد بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا

11:59 - 8 رەشەمه 2719

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی ڕەشەمە، "فەردین مورادی"، چالاکی مەدەنیی کورد، پاش ٣٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

لقی دووی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شالگەردی" لەگەڵ ئازادکردنی کاتیی ئەو چالاکە مەدەنییە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی ڕەزامەندیی دەربڕیبوو.

ئێوارەی چوارشەممە، ٢ی ڕێبەندان، "فەردین مورادی"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە پاش پشکنینی ماڵەکەی دەسبەسەر کرابوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە، مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و بۆ زیندانی مەراغە دوورخرایەوە.

حوکمی ئەو چالاکە مەدەنییە پاش پێداچوونەوە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ساڵێک زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە و پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی ئازاد کرا.