چالاکێکی مەدەنیی کورد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا

13:05 - 11 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١١ی سەرماوەز، "ئەنوەر حوسێن ‌پەناهی"، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی سنە و دانیشتووی تاران، لەلایەن ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگهێشت و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی سەرماوەز، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، ئەو چالاکە مەدەنییەی لە تارانەوە بۆ وڵامدانەوە بە هەندێک پرسیار بانگهێشت کردووە.

"ئەنوەر حوسێن ‌پەناهی"، خەزەڵوەری ساڵی ٨٦ی هەتاوی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر و بە ١٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری حوکم درا و دواتر لە کۆتاییەکانی وەرزی بەهاری ساڵی ٨٧، ئەو چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی موحاربە و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی بە ئێعدام مەحکووم و دواتر ئەو حوکمە لە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ساڵی ٨٨ی هەتاوی، هەڵوەشایەوە.

"ئەنوەر حوسێن ‌پەناهی" پاش ٧ ساڵ زیندانی، لەلایەن ئیتلاعاتەوە بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ هێشت و لە تاران نیشتەجێیە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٥٠ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن‌ پەناهی بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.