چالاکێکی مەدەنیی کورد بانگهێشتی "پۆلیسی فەتا" کرا

16:17 - 2 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی مەریوان، لە لایەن "پۆلیس فەتا"وە بانگهێشت کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی ڕەزبەر، "ئارام فەتحی"، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، لە لایەن پۆلیس فەتاوە بانگهێشت کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "ئەحمەد ڕەحمانی"، ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕەزبەر، کچێکی ٧ ساڵان بە ناوی "سونیا مورادیـ"ـی ئازار دابوو و ئێستا بنەماڵەی "ئەحمەد ڕەحمانی" سکاڵایان لەسەر "ئارام فەتحی"، بەهۆی ئەوەی کە بێدەنگ نەببوو و پشتیوانیی لەو منداڵە کردبوو، تۆمار کردووە و لەم پەیوەندییەدا، پۆلیسی فەتا ناوبراویان بانگهێشت کردووە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها زیادی کردووە: "ڕۆژی چوارشەممە، ١ی خەزەڵوەر، پۆلیس فەتا لە لایەن بنەماڵەی ئەحمەد ڕەحمانییەوە، چووبوونە بەر دەرگای ماڵی بابی ئارام فەتحی، بەڵام ناوبراو لە ماڵدا نبووە".

"ئارام فەتحی"، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەواڵی دەستدرێژیی جینسیی کەسێک بە ناوی "ئەحمەد ڕەحمانی" بۆ سەر منداڵێک بە ناوی "سونیا مورادیـ"ـی بڵاو کردبووەوە.