چالاکێکی مەدەنیی کورد بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری تاران کرا

14:29 - 18 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد، دانیشتووی شاری کرماشان، بانگهێشتی لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تاران کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری کەنگاڤەر و دانیشتووی شاری کرماشان بە ناوی سەعید ئیقبالی کوڕی پەرویز ، دەبێت ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، خۆی بە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بناسێنێت.

بەپێی ئەو بانگهێشتنامەیە، ئەو چالاکە مەدەنییە، کاتژمێر ٩ بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خاکەلێوە، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر \"مقیسە\" ئامادە بێت و خۆی بناسێنێت.

کەمپینی دادکۆکیی لە زیندانییانی سیاسی و مەدەنیی لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتگەلێکی وەک : \"پڕوپاگەندە دژی نیزام و کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\"، بانگهێشت کراوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، پێشتریش، لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٦، لەگەڵ چەند چالاکێکی مەدەنیی دیکە لە ناوچەکانی دیکە ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ خاکەلێوەی ٩٧ بە دانانی بارمتەی ١٠٠میلیۆن تمەنی، هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگایەکەی، ئازاد کرا.