چالاکێکی مەدەنیی کورد بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە کرا

15:40 - 23 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە، چالاکێكی مەدەنی بانگهێشت کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"موختار زارعی\"، چالاکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری سنە، بە مەبەستی \"روونکردنەوەی تۆمەتەکەی کەی وێڕای مافی هەبوونی پارێزەر\" بانگهێشتی لقی دووی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە کرا.

\"\"ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، لەم بارەوە لە کاناڵی کەسیی خۆی لە تێلێگرامدا نووسیویەتی: (دوای نووسینی نامەیەکی ڕەخنەئامێز بۆ ڕێبەر، دۆسییەیەکی نوێیان بۆم کردەوە، لەو نامەدا کە وتبووم لەم سێ دەیەی دواییەدا کە ڕێبەر باڵاترین پلەی سیاسیی ئێران بە دەستەوە بووە، شاهیدی زۆر هەڵسوکەوتی نادێموکراتیک، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و نەدانی ئازادی بووین. کەمترین بەرپرسایەتی ئەوان، وەڵامدەرییە. قسەکانی ناوبراو دەتوانێت قناعەت بە منی ناڕازی بهێنێت کە کێشە لە شوێنێکی تر دایە، بەڵام سکاڵا و دروستکردنی دۆسییە نە من بە قەناعەت دەگەیەنێت نە بێدەنگم دەکات، بە هەمان شێوە کە لە سەرەتای ئەو نامەدا پێشبینیم کردبوو کە ئەگەری گیران و زیندانی کردنم هەیە.

سەرەتای حەتووی داهاتوو، بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ پارێزەرەکەم \"دوکتور ڕەشیدی\" دەڕۆم، هەتا بەرگری لە ئازادی بەیان بکەم، وەک دوکتور عەلی شەریعەتی دەڵێت: \"حەسرەتی بیستنی یەک ئاخ لە دڵیاندا بەجێ دەهێڵم\".

موختار زارعی لە ئەندامانی یەکیەتیی دێموکراتیکی خوێندکارانی کورد بووە، کە لە ساڵی ١٣٨٨ لە کاتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی \"ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی\" دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەی سێ مانگ لە زیندانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی شاری سنە ڕاگیراوە.

پێشتریش ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە بە دژی نیزام\" لە لایەن دادگای ئینقلابی سنە، بۆ ماوەی ٥ ساڵ، بە ساڵێک زیندانی هەڵپسێردراو حوکم درابوو.