چالاکێکی مەدەنیی شاری سەردەشت لە گرتە ڤیدئۆییەکدا، باس لە ژیانی کۆڵبەران دەکات

15:59 - 23 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، لە گرتە ڤیدئۆییەکی دێکۆمێنتاریدا، باس لە ژیانی کۆڵبەران دەکات.

چالاکێکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە ناوی \"دڵشاد نەبی‌نژاد\" تەمەن ٢٧ساڵ، دێکۆمێنتارێکی لەژێر ناوی \"کۆڵبەر\" سەبارەت بە دۆخی کۆڵبەرانی دروست کردووە و لە ڕێگای ئاژانسی کوردپاوە بڵاوی دەکاتەوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، لەو فیلمە دێکۆمێنتارییەدا، باس لە ژیانی ڕۆژانەی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەکات.

ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: ئامانجم لە دروستکردنی ئەو فیلمە دێکۆمێنتارییە، ئەوە بووە کە بە دروستکردنی ئەو فیلمە ژیانی کۆڵبەران بە بیروڕای گشتی نیشان بدەم، کە کۆڵبەران بۆ ئەوەی شەرمەندەی بنەماڵەکانیان نەبن، چ ڕێگایەکی مەترسیداریان بۆ دابینکردنی ژیانیان هەڵبژاردووە.

نەبی‌نژاد هەروەها دەڵێت: من بۆ خۆم کۆڵبەر بووم و لەو ڕێگاوە کۆڵبەرانی هاوشاریم بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانیان لە دەست داوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە دەڵێت: بە هۆی ناڕەزایەتیدەربڕین بە نیسبەت کوشتنی کۆڵبەران بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ لە گرتووخانەدا بووم و پاش دروستکردنی ئەو فیلمە دێکۆمێنتارییە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت کرام و پاش لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە لە گرتووخانە ئازاد کرام.

ناوبراو دەڵێت: بە هۆی ئەوەی کە وێنەگرتن لە ناوچە سنوورییەکان قەدەغەیە، منیش نەمتوانی لە کامێرای حیرفەیی بۆ هەڵگرتنی وێنە کەڵک وەربگرم، ئەم فیلمە بە گووشی موبایل گرتوومە.

کۆڵبەر بەو چین و توێژە زەحمەتکێشەی کوردستانی ئێران دەوترێت، کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵکێشی و کرێوەرگرتن خەریکن و وەکوو بێبەریترین توێژی کۆمەڵگا بە ئەژمار دێن.