چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری کرماشان بێسەروشوێنە

22:30 - 31 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری کرماشان لە ترسی دەسبەسەر کردنی هێزە ئیتلاعاتییەکان، خۆی حەشار داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"شەهریار تەهماسبی\"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری کرماشان، پاش هێرشی هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە، لە ترسی دەسبەسەرکرانی خۆی حەشار داوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە مەدەنییە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"ڕۆژی شەممە ٢٢ی بانەمەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران بۆ سێهەمین جار هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی شەهریار تەهماسبی و ویستوویانە ناوبراو دەسبەسەر بکەن\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"ئەگەری زۆری هەیە شەهریار تەهماسبی ئێرانی بە جێ هێشتبێت\".

ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕێکەوتی ٢٣ی خەرمانان بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" بە پشتبەستن بە ماددەی ٥٠٠ یاسای سزای ئیسلامی لە دادگایی ئینقلابی شاری کرماشان بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا بوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ٢٣ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، (٩٦)،لە شاری کرماشان دەسبەسەر و بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زینداندا ئازاد کرا بوو.