چالاکێکی مەدەنیی بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری سەقز کرا

12:37 - 24 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری سەقز بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری سەقز، بە ناوی \"ئەیووب جەوان‌پوور\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری بانگهێشت کردنی ئەم چالاکە مەدەنییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاندانی فەرهەنگییان بۆ بەشداری لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان\" ڕاگەیاندووە.

ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە پاش بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، لە لایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە هەڕەشە لێکراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، چەندین چالاکی مەدەنیی دیکە لە شاری سەقز بە هۆی \"هاندانی فەرهەنگییان بۆ بەشداری لە مانگرتنی سەرتاسەری مامۆستایان\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراون.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز لە ڕێگای تەلەفوونەوە هەڕەشەی دەسبەسەر کردنی ئەو چالاکە مەدەنییەی، بە هۆی پشتیوانی لە مانگرتنی سەرتاسەری خەڵکی کوردستان کردبوو.

هەروەها مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە بە تۆمەتی \"بەشداری لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان و تێکدانی نەزمی گشتیی\" لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە لێدانی ٥٠ قامچی و ١ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن مەحکووم کرابوو.