چالاکێکی مەدەنی کورد بۆ زیندانی ورمێ راگوێزرا

13:37 - 19 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش ئەوەی هێزە ئەمنیەتییەکان چالاکێکی مەدەنی ــ فەرهەنگیی کوردیان لەشاری ورمێ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار رایانگواستبوو، لە حاڵی حازردا رەوانەی گرتووخانەی ورمێ کراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ لەمەوبەر هێزە ئەمنیەتییەکانی شاری ورمێ کەسێکیان بە ناوی فەرهاد عەلیزادە دەستبەسەر و پاش حەفتەیەک لە تێپەڕبوونی ئەو رووداوە، چارەنووسی روون بوویەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کردووە، فەرهاد عەلیزادە خەڵکی شاری شنۆ بە تۆمەتی \"ئەنجامدانی چالاکیی بە دژی بەرژەوەندییەکانی نیزام\" دەستبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ماوەی پێنج ساڵە کە لەشاری ورمێ نیشتەجێیە و لەوێ سەرقاڵی کاری هونەریی و فەرهەنگیی بووە.

عەلیزادە لە شوێنە فێرکارییەکانی ورمێ راهێنانی ژەنیاریی بە لاوەکان کردووە و هاوکاتیش لە کۆر و کۆبوونەوە ئەدەبیەکاندا شێعری خوێندووەتەوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە پێشتریش لەساڵی ١٣٩٢دا جارێکی دیکە دەستبەسەر کرابوو و پاش حەفتەیەک راگرتنی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە فەرهاد عەلیزادە دادگایی نەکراوە و لەسەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعات رەوانەی زیندانی ورمێ کراوە.

هەواڵی پێوەندیدار:
ورمێ/ هیزە ئەمنیەتییەکان چالاکێکی مەدەنی کوردیان دەستبەسەر کرد