چالاکێکی مەدەنی لە شاری مەریوان دەسبەسەر کرا

11:32 - 7 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، چالاکێکی مەدەنی بە ناوی "شادی دەرگاهی" هاوژینی ئیرەج ڕەحیم‌زادە، چالاکی ژینگەپارێزی پاش بانگهێشتکردنی بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە مەدەنییە پاش دەسبەسەر کرانی ڕەوانەی کانوونی ئیسلاح و پەروەردەی سنە کراوە و ڕۆژانە بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەکرێت و شەوانە بۆ کانوونی ئیسلاح و پەروەردە دەیگەڕینەوە.

ئەو سەرچاویە هەروەها دەڵێت: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ئیرەج ڕەحیم‌زادە، چالاکی ژینگەیی و هاوژینی شادی دەرگاهی پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردان، "ئیرەج ڕەحیم‌زادە" چالاکی ژینگەیی خەڵکی گوندی "ڕوار"ی سەوڵاوا و دانیشتووی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو چالاکە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

 ئیرەج ڕەحیم‌زادە ساڵی ٩٨، بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانی مەحکووم کرابوو.

 ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧، "ئیرەج ڕەحیم‌زادە" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری مەریوان دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی مانگی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.