چالاکێکی مەدەنی لە شاری مەریوان بانگیهێشتی دادگا کرا

21:22 - 3 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: شۆرای شار و شارەداریی شاری مەریوان سکاڵایان دژی چالاکێکی مەدەنی خەڵکی ئەو شارە تۆمار کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١ی جۆزەردان، عوبید زارعی، چالاکی مەدەنی خەڵكی شاری مەریوان بانگهێشتی دادگای ئەو شارە کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەریوان لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو چالاکە مەدەنیە بە هۆی سکاڵای شۆرای شار و شارەداری ئەو شارە بانگهشتی دادگا کراوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە،دادگا لە کاتی جیاکردنەوەی تۆمەتەکەی عوبید زارعی‌دا ڕایگەیاندووە؛ هۆکاری بانگهێشت کردنی ناوبراو \"بێڕیزی و بێ حورمەتی\" بە شۆرا و شارەداری مەریوان بووە بە هۆی ڕەخنە گرتن لە کار و کردەوەی ئەو ناوەندە حکوومەتییە لە کاتی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی ئەو شارە لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا.

ئەو چالاکە مەدەنییە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، لە فەیسبووکی شەخسیی خۆیدا نوسیوویەتی\" هەتا تەواو بوونی ڕەوتی لێکۆڵینەوە و ئامادەبوون لە بەرانبەر دادوەر، بە دانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوم\".

لە نەورۆزی ئەمساڵدا، خەڵک و چالاکانی مەدەنی شاری مەریوان بە بڵاوکردنەوەی وێنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەخنەیان لە شارەداری ئەو شارە بە هۆی کۆنەکردنەوەی زبڵ و خاشاک گرتبوو.

پێشتر، زبل و خاشاکی شاری مەریوان لە نزیکی گوندی\"ئەسراوای\" شاری مەریوان کۆ دەکرایەوە، کە بە هۆی نزیکی لە شوێنی حەوانەوەی خەڵکی ئەو گوندە و لە بەرچاو نەگرتنی ئوسووڵی ژینگەپاریزی، خەڵکی ئەو ناوچەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو.

پاش ئەوەیکە شارەداری شاری مەریوان شوێنێکی نوێی لە نزیک سەیرانگای\"سماقوڵی\" بۆ کۆکردنەوەی زبڵەکانی ئەو شارەی دیاری کرد، ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو ناوچەشی بە دوادا هات.

گوندەکانی ئەو ناوچەیە لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، بە هۆی ئەو بڕیارەوە دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەر دەرگای بینای شارەداری، ئیدارەی ژینگەپارێزی و فەرمانداری کرد.