چالاکێکی مەدەنی لە سنە دەسبەسەر کرا

10:34 - 5 رێبەندان 2719

ئێوارەی چوارشەممە، ٢ی ڕێبەندان، چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی "فەردین مورادی"، خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەو چالاکە مەدەنییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کرد.

ئەو چالاکە مەدەنییە، مانگی ڕەزبەری ساڵی ٩٥، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و بۆ زیندانی مەراغە دوورخرایەوە.

حوکمی ئەو چالاکە مەدەنییە پاش پێداچوونەوە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ساڵێک زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە و پاش تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی ئازاد کرا.