چالاکێکی مەدەنی لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بێتاوان ناسێندرا

21:31 - 5 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری مەریوان کە لە لایەن دادگایی ئەو شارەوە بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو، لە دادگایی پێداچوونەوەی شاری سنە، بێتاوانییەکەی سەڵمێندرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئارام فەتحی\"، چالاکی مەدەنیی کورد خەڵکی شاری مەریوان کە بە تۆمەتی ڕێکخستنی کەمپەینی \"نە بە کشتن کولبران\" و \"ناڕەزایەتییەکانی دژ بە جاددەکانی مەرگ\"، لە لایەن دادگای ئێنقلابی شاری مەریوانەوە بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بەىێتاوان ناسرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، لە فەیسبووکی شەخسی خۆیدا نووسیوویەتی: \"دوای نزیکەی دوو ساڵ چاوەڕوانی، حوکمی دوو ساڵ زیندانییەکەم کە بە تاوانی ڕێکخستنی کەمپەینی \"نە بە کشتن کولبران\" و هەروەها ناڕەزایەتییەکانی دژ بە جاددەکانی مەرگ، لە لایەن دادگای ئێنقلابی شاری مەریوانەوە درابوو، لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە کە دوێنێ یەکشەممە ٤ی خەرمانان بەڕێوەچوو، حوکمەکەم لابراوە.

ناوبراو هەروەها نووسیوویەتی: \"ئێستا تەنیا حوکمە تەعلیقییەکەم لە کە لە لایەن دادگای قودسی تارانەوە بەسەرمدا سەپێندراوە وەک خۆی ماوە و هەیە\".

پێشتر، ئارام فەتحی لە دۆسییەکی جیادا بە تۆمەتی \"بەزاندنی سنوور بە شێوەی نایاسایی\" لە لایەن دادگایی قودسی شاری تاران بە یەکساڵ زیندانی تەعلیقی بۆ ماوەی سێ ساڵ مەحکووم کرابوو، هەتا ئێستا ئەو حوکمە لە لایەن دادگایی پێداچوونەوە تاوتوێ نەکراوە.