چالاکێکی مەدەنی شاری کرماشان بە دانانی گرێو بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

13:40 - 17 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: دوایین چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری کرماشان، کە ماوەیەک لەو پێش لە کاتی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر کوژرانی کۆڵبەرانی شاری بانە و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەو شارە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی گرێوی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوایین دەسبەسەر کراوی چالاکی مەدەنی شاری کرماشان، بە ناوی \"شەهریار تەهماسبی\" لە گرتووخانەی دێزڵاوای ئەو شارە بە دانانی گرێوی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە لەگەڵ چوار کەسی دیکە بە مەبەستی پشتیوانی لە مانگرتنی خەڵکی شاری بانە و ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر کوژرانی ٢ کۆڵبەری کورد بە دەستی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران کوژرا بوون، لە بەردەم پارێزگای کرماشان کۆ ببوونەوە.

پێشتریش، ٢٠ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەتییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی پێنج چالاکی مەدەنی و پاش پشکنینی ماڵەکانیان دەستیان بە سەر کەرەستە شەخسییەکانی ئەو چالاکە مەدەنییانە داگرت.