چالاکێکی مەدەنی جارێکی دیکە لە شاری نەغەدە دەستبەسەر کرا

22:10 - 7 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری نەغەدە بۆ جارێکی دیکە هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی بانەمەڕ، \"شەهاب ئەحمەدی ئازەر\" کوڕی \"ئەحمەد\" لە ماڵەکەی خۆیدا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری نەغەدە دەستبەسەر کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە لە لایەن لیباس شەخسییەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوە.

\"30038.jpg\"
شەهاب ئەحمەدی ئازەر
هەواڵنێری کوردپا، لە شاری نەغەدە وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە لە زاری یەکێک لە نزیکەکانی شەهابەوە ڕاگەیاند: سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٩ کەس کە لە ناو سێ ماشین دابوون هێرشیان کردە سەر ماڵی شەهاب و ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

شەهاب خوێندکاری دەورەی دوکتورا، یەکێک لە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی مانگی ڕەشەممەی ٩٤بووە کە لە لایەن شوورای نیگابانەوە ڕەدی سەلاحییەت کرابووە.

هەروەها لە حەوتووی ڕابردوودا، ئەفسانە بایەزیدی بۆ سێهەمین جار لە شاری بوکان دەستبەسەر دەکرێت.

نزیکانی بنەماڵەی ئەحمەدی ئازەر بە ئاژانسی کوردپایان گوت: هێزە ئەمنیەتییەکان ماڵەکەی شەهابیان پشکنیوە و لەپ تاپ، تەبلێت و موبایلەکەی و هەروەها هێندێک کتێب و کەرەسەی دیگەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی شەهاب ئەحمەدی ئازەر کە خێزاندارە لە بەردەستدا نیە.

ئەو چالاکه مەدەنییە، پێشتریش، لە کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی لە لایەن ستادی ناوەندی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت و بۆ ماوەی سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگیرابوو.

هەواڵدەریی کوردپا لەم بارەیەوە ڕایگەیاند، کە ئەو لاوە تەمەن ٣٢ ساڵە چەند جارێک دوای بانگهێشت و لێکۆڵینەوە، بە بیانووی پروپاگەندە و لایەنگری لە حیزبە کوردییەکان ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

هەروەها چەند ڕۆژ پێش ڕاپۆڕتیک لە لایەن هەواڵنێری کوردپا لە شاری نەغەدە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، کە باس کە ئەگەری حوکمی ئیعدامی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی حەسەن فەرەجی لەو شارە لە ئارا دایە،کردووە.
ئەو لاوە تەمەن ٣١ ساڵە کە لە زیندانیەکانی بوکان و ورمێ چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە و دادوەری دۆسیەکەی هەڕەشەی حوکمی ئیعدامی له حەسەنی کردبوو.